چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

640

كرماشان

کرماشان یەکێکە لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای کرماشانه. وشەی کرماشان لە وشەی کرمانجان گیراوە. کرمانجان یان کورمانجان یان کوری مانجەکان، ناوی ھۆزێک لە پێش ھاتنی مادەکان بۆ ئەم بەشە، بووە. مانج ناوی ھۆزێکی زەردەشتی بووە کە لەم ناوچەیەدا ژیاون.

 بە پێى سەرژمێری ساڵی 1395ی ھەتاوی، حەشیمەتی ئەو شارە نزیک بە 651، 946 کەس بووە.

گەورەترین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستانه.

مێژووی پێک ھاتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی و ھەر لەو سەردەمەوە تا ھێرشی عەرەبەکان، وەکو دوویەمین پێتەختی ئیمپراتووریی ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان دا جێى سەرنجی حکوومەت بوو. لە سەردەمی سەڵجۆقیەکاندا کرماشان گەورەترین شاری کوردستان بوو و لە سەدەکانی ناوین بە ناوی قەرمیسین وەکوو یەکێک لە چوار ناوچەی عێراقی عەجەم ناسراو. لەو سەردەمە بە عێراقی عەجەم، ویلایەتی کوێستان یان جەبالیان دەقۆت تا لەگەڵ ویلایەتی عەراقی عەرەب ھەڵە نەکرێتەوە. وێلایەتی کوێستان یان عێراقی عەجەم لە شوێنی ناوچەی میدیای کۆنە کەوتبوو. یازدە سەدە بە دوای ھێرشی عەرەبەکاندا، لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەکان لە ئێراندا دیسان شارەکە بووژایەوە و بە ھۆی کەوتنەوە لەسەر دوو ڕێگای ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا و ھەروەھا ڕێگای باکووری ڕۆژاوای ئێران بەرەو باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە و نزیکی بە بەغدا و کەربەلا گرینگی تایبەتی پەیدا کرد.

کرماشان لە بزۆتنەوەی مەشرووتەخوازیی ئێران بەشێکی زۆر گرینگی بوو و لە ماوەی شەڕەکانی یەکەم و دووھەمی جیھانی دا لە لایەن ھێزە داگیرکارەکانە داگیر کرا، بەڵام دوای شەڕ بەجێیان ھێشت. ئەم شارە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دا زیانی زۆری لێکەوت.

لە باکووری شاری کرماشان کێوی فەڕۆخشاد، لە باکووری ڕۆژاوای کێوی تاقوەسان، و لە باشوورى ئەم شاره کێوی کووسفید (کێوی سپی) ھەڵکەوتووە و کرماشان یەکێکە لە شارێگاکانی پەیوەندیی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا و ھەروەھا کۆنترین ڕێگا بۆ چین لە ئێران بەرەو مێزۆپۆتامیایە.

شاری کرماشان کەش و ھەوایێکی موعتەدیل و کوێستانیی ھەیە. بە ھۆی ئەم کەش و ھەوایە بوو کە لە سەدەی چوارەمی زایینی کە دیەکەێکی بچۆک و خوەش کەش و ھەوا بوو لە لایەن ساسانەکان وەکوو پێتەختی دووھەمی ئیمپراتووریی ئێران ھەڵبژێردرا. لەو سەردەمە کرماشان شوێنی خۆشگوزەرانیی شاکانی ساسانی بوو و باخەکان و کۆشکەکانێکی گەورە لەم شارە سازراو.

کرماشان ناوەندی وەرزێریه و ئابووریی ئەم شارە بە وەرزێری بەستراوە. ھەروەھا تەرخانکردنی خواردەمەنی، سەنعەتی ساختەمانی و سەنعەتەکانی دەستکرد لە کرماشان زۆره.

کرماشان کە لە ناوڕاستی زنجیرەچیاکانی زاگرۆسدا داکەوتووە، بەھۆی بارودووخی کەش و ھەوا و کوێستانی بوون خاوەنی ئەشکەوتەکان و حەشارگاکانێکی سرۆشتییە و یەکێک لە شوێنەکانی ھەرە گرینگی ژیانی مرۆڤی سەردەمی بەردین بووە. شاری کرماشان و ئاقاری، لە بواری پاشماوەکانی شوێنی ژیانی سەردەمی پێش مێژوو زۆر زەنگینە و بۆ شوێنەوارناسەکان یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی جیھان بە ئەژمار دێت.

خەڵکی کرماشان بە زاراوەکانی کوردیی باشووری (کەلھوری)، کوردیی سۆرانی (زاراوەی ئەردەڵانی و جافی)، لەکی و ھەورامی قسە ئەکەن. لە قوتابخانەکان و زانستگاکانی کرماشان تەنیا بە زمانی فارسی وانە دەدرێت و زمانی کوردی بۆ وانەخوێندنەوە قه‌ده‌غه‌یه‌.

ئایین: شێعە، یارسان، سوننە، یەھوودی، بەھایی

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌