کۆی دەنگەکان
5
کوردستانی سوور
کوردستانی سوور ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه، ده‌كه‌وێته سنوری نێوان ئاسیا و ئه‌ورووپا. ناوچه‌ی سێگۆشه‌ی نێوان ڕووسیا و ئێران و توركیایه. له‌خۆرهه‌ڵات و باكوری خۆرهه‌ڵاته‌وه به‌ده‌ریای خه‌زه‌ر ده‌ور دراوه، له‌خۆرئاوایشه‌وه ده‌ریای ڕه‌ش. له‌باشور و خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه، رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باكووری كوردستان ده‌بنه سنوری.
ناوچه‌كه شاخاویه و به‌رزترین لوتكه‌ی شاخی "چیای ئه‌لبورز"ه.ئاو وهه‌واكه‌ی له‌هاویندا مامناوه‌ند و له‌زستاندا سارده. ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به‌سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی.
به‌شێوه‌یه‌كی چڕ ڕه‌زو میوه‌و باخی هه‌یه. ڕووبه‌رێكی فراوان له‌وه‌ڕگای هه‌یه، ژماره‌یه‌ك ڕووباری به‌ناوبانگی تێدایه له‌وانه "ڕووباری ئاراس" و"كۆرا".
به‌درێژایی مێژوو مرۆڤ له‌و ناوچه‌یه ژیاوه، له‌ئه‌شكه‌وتێكی نزیكی گوندی "ئه‌رینی" ناوچه‌ی قه‌وقاز، پێڵاوێكی له‌چه‌رم دروستكراو دۆزرایه‌وه، كه‌به یه‌كه‌م پێلاو داده‌نرێت كه مرۆڤ دروستی كردبێت، كه‌له پێسته‌ی گا دروستكراوه‌و، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاره‌ی چواره‌می پێش زاین، ناونراوه" چاروخ".
دیارترین شاره‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان: لاچین كه‌بووه پایته‌ختی كۆماره‌كه‌و له‌وێوه سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نرا، قوبادلی، گوڵبه‌جار. له‌ئێستادا به‌هه‌رێمی "ناگۆرنۆ كاراباگ" ناسراوه.
بوونی كورد له قه‌وقاز هه‌بوونێكی مێژووییه، به‌ڕاده‌ی خودی مێژووه‌كه كۆنه، یه‌كه‌م كۆچی كورد بۆ قه‌وقاز له‌سه‌رده‌می میدییه‌كاندا بووه، ئه‌و ده‌م به‌شێك له‌ماده‌كان به‌باشوری ده‌ریای قه‌زوینه‌وه، به‌ره‌و ناوچه‌ی كه‌ره‌باگی ئێستا كۆچیان كرد. ئه‌وان په‌یوه‌ندییان كرد به‌و كوردانه‌ی تره‌وه كه له شاخه‌كانی زاگرۆس ده‌ژیان. ئه‌وان به‌و كۆچه‌یان ناوكی نه‌ته‌وه‌ی كوردی ئێستایان پێكهێنا. له‌دوای سه‌ركه‌وتنی ماده‌كان به‌سه‌ر ئاشوردا، به‌كوردستانی قه‌وقاز ده‌گوترا میدیای بچوك.
بیروڕایه‌كیش هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زه‌رده‌شتیش هه‌ر له‌و ناوچه‌یه له‌دایكبووه"
له‌دوای ڕووخاندی ئیمپراتۆریه‌تی میدیا، كوردستان به‌گشتی كه‌وته ژێرده‌ستی فارسه‌كان. به‌ده‌ركه‌وتنی ڕۆمانه‌كانیش، كوردستان بووه سته‌یجی ململانێی نێوان فارس و ڕۆمان. به‌ڵام له‌ڕووی كرده‌ییه‌وه، ده‌سته‌ڵاتی داگیركه‌ر ڕاسته‌وخۆ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ناڕاسته‌وخۆ حوكمی كوردستانیان كردووه.
له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام، ناوچه كوردییه‌كان دووچاری چه‌ندین نه‌هامه‌تی بوون، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی و عه‌باسیدا. له‌ئه‌نجامیشدا چه‌ندین شۆڕش و ڕاپه‌ڕین له‌دژی ئه‌و دوو ده‌سته‌ڵاته سه‌ریان هه‌ڵدا، كه‌به‌ناوبانگترینیان شۆڕشی "بابه‌كی خوڕه‌می" بوو. كه‌عه‌باسییه‌كان توانییان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌ناوی به‌رن.
له‌نێوان ساڵانی 951-1199 ده‌وڵه‌تی " شاهدادیه‌كان" دروستبوو، كه عه‌ره‌به‌كان به "شه‌دادییه‌كان" ناوی ده‌به‌ن. ئه‌و ده‌وڵه‌ته له‌سه‌ده‌ستی " محه‌مه‌د كوڕی شاه داد" پێكهات و له‌نێوان ده‌ریان كوره و ئاراس حوكمی ده‌كرد. ده‌وڵه‌ته‌كه له‌دژی پادشاكانی ئه‌رمینیا بوو به‌هاوپه‌یمانیڕۆمه بێزه‌نتییه‌كان. به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد كه‌وت به‌رهێرشی دێله‌مییه‌كان و پاشان توركه سه‌لجوقییه‌كان توانییان له‌ناوی به‌رن.
له‌وه به‌دواوه، كوردستانی قه‌وقاز، بووه‌ته سته‌یجی ململانێی نێوان عوسمان و سه‌فه‌وییه‌كان، له‌ڕووی ڕووبه‌ریشه‌وه كوردستان به‌رته‌سكتر بووه‌وه، تاكو وای لێهات چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌می مایه‌وه، كه‌بریتی بوو له: ناگۆرنی كه‌ره‌باگ، گوڵبه‌جار، كوباتلی، زه‌نگلیان، كاركۆشلاك، كوڕه‌حاجی، نه‌خش جوان...هتد.
ئه‌م دۆخه به‌رده‌وام بوو تاكو سه‌رهه‌ڵدانی ڕێككه‌تنی شومی سایكس بیكۆ. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌شی زۆری باكوری كوردستان و قه‌وقاز، كه‌وته ده‌ستی ڕووسیا. به‌ڵام له‌دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، ڕووسه‌كان كشانه‌وه، ته‌نها كوردستانی قه‌وقازیان له‌ده‌ستدا مایه‌وه.
"حسێن حاجیێف" یه‌كێك بوو له‌هاوڕێ نزیكه‌كانی لینین، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی به‌لشه‌فییه‌وه هاوڕێی بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد بتوانێت كوردستانی سوور له‌ساڵی 1923دا دروست بكات. به‌هه‌مان هۆیشه‌وه لینین بایه‌خی به‌كورد دا، ئه‌وه‌ش له نامه‌كانی نێوان لینین و "شێخ مه‌حمود حه‌فید" ه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
لینین بڕی 33 ملیۆن ڕۆبڵی ته‌رخانكرد بۆ په‌ره‌پێدانی كورستانی سوور، هاوكات ده‌یشی ویست "مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك" بهێنێته ڕیزی خۆیه‌وه، ئه‌مه‌ش وای لێ‌كرد كوردستانی سوور بلكێنێت به ئازه‌ربایجانه‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ئه‌و كۆماره كۆرپه‌یه ساڵی 1929 له‌سه‌رده‌ستی ستالین هه‌ره‌سی هێنا.
له‌و ده‌مه‌دا سه‌دان هه‌زار كورد ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر كران. به‌تانوپۆی سۆڤیه‌تدا بڵاوكرانه‌وه. سه‌دان هه‌زار كه‌سیشیان به‌هۆی بارودۆخی ناهه‌مواره‌وه له‌ناوچوون.
ساڵی 1930 ئیداره‌یه‌كی فراوان بۆ كورد دروستكرا، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ ستالین كه‌وته‌وه وێزه‌ی كورد، ساڵی 1944 سه‌دان هه‌زار كوردی له‌ناوبرد به‌بیانوی ئه‌وه‌ی نه‌ژادیان ئارییه‌و هاوكاری ئه‌ڵمانه ئاریاییه‌كان ده‌كه‌ن.
دۆخه‌كه به‌م جۆره مایه‌وه تاكو "گۆرباتچۆف" سیسته‌می "پیرۆسترۆیكا"ی ڕاگه‌یاند، له‌ئه‌نجامیشدا كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه.. كورده‌كانیش سه‌رله‌نوێ "كوردستانی سوور"یان دامه‌زرانده‌وه، ساڵی 1992 له "لاجین"ه‌وه ئه‌و كۆماره‌یان ڕاگه‌یاند. به‌ڵام كه‌متر له‌ساڵێك ته‌مه‌نی كرد، به‌هۆی ململانێی ناوخۆییه‌وه كۆتایی به‌و كۆماره‌ش هات.
له‌مانگی ساڵی 1992 به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ربه‌خۆیی "كۆماری لاچینی كوردی" ڕاگه‌یه‌نرا. له‌دوای دوومانگ له‌ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، بڕیاری دروستكردنی حكومه‌ت درا. له‌و كاتانه‌شدا به‌رده‌وام میدیاكانی ڕووسیا باسیان له‌وه ده‌كرد كه كورده‌كان توانیویانه ئازه‌ره‌كان له‌خاكی خۆیان ده‌ربكه‌ن و كۆمارێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن.
سوپای ئه‌رمینیا هێرشی كرده سه‌رناوچه كوردییه‌كان و له17/مایۆ/1992 توانی شاری لاچین پایته‌ختی كۆماره كوردییه‌كه داگیربكات.
له‌دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئه‌رمینیا لاچینی داگیركرد، توانی له 27/3/1993دا ناوچه‌كانی تریش داگیربكات، سه‌ره‌تا هێرشی كرده سه‌ر گوڵیجار، به‌وجۆره له 22/مایۆ/1994دا هه‌ریه‌كه له ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند. كۆماری لاچینی كوردیش هه‌ره‌سی هێنا.
له‌ئه‌نجامی ئه‌و شكسته‌دا، سه‌رۆككۆماری لاچینی كوردی، "دكتۆر وه‌كیل مسته‌فاییف" داوای مافی په‌نابه‌ری له ئیتالیا كرد. له‌وێشه‌وه كتێبێكی نوسی به‌ناوی" مێژوی قه‌وقازیی كوردستان".
سێ ساڵ به‌ر له كۆچی رووی كرده به‌لجیكا و ساڵی 2019 له برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا كۆچی دوایی كرد و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی ته‌رمه‌كه‌ی له هه‌ولێر به‌خاك سپێردرا.