پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

11

کچی کافرۆش

خەجیج جومعە مەولوود شکاک لەناو کوردان بە کیژەکەی کافرۆش ناسراوە ساڵی‌ 1922 له‌ گوندی گەنگەچین له‌ ناوچه‌ی‌ ورمێ‌ له‌ رۆژهەڵاتی کوردستان له‌دایك بووه‌.

کیژەکەی کافرۆش له‌گه‌ڵ‌ براكه‌ی‌ جمک بوون و ئه‌و دوانه‌ خوشك‌و برای‌ دیكه‌یان نیه‌.

ساڵی 1934 لەو کاتەی کە تەمەنی لە کچێکی دوانزە ساڵیدا بەولاوە زیاتر نەبوو لە رێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە نزیک تەکیەی شێخ عەبدولکەریم لە شاری هەولێر، لە لایەن ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئینگلیز کە ئەوکاتە عێراق لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەوان دادەبێت، لە دوای چەند جارێک خوازبێنیکردن و وەرنەگرتنەوەی وەڵامێکی ئەرێنی لە لایەن باوکییەوە، لە رێگای گەڕانەوەی و جێهێشتنی دووکانی کافرۆشی باوکی بە چەند خولەکێک، دەڕفێنرێت. بە چەند مانگێکیش دوای رفاندنەکەی، باوکی خەجیج کچی کافرۆش پاش تۆمارکردنی داواکەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی جولەکەکان لە گەڕەکی تەعجیل ئاگادار دەکرێتەوە کە کچەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە.

باوکی خەجیج هەم سەرکردەیەکی سەربازی و هەم هەڤاڵ و دۆستی سمایل ئاغا سمکۆی شکاک بووه‌. لە دوای شه‌هید بوونی‌ سمایل ئاغا لە ساڵی 1930 بە نائومێدی باروبنەی تێکدەنێ و ساڵی 1934 گوندی گەنگەچین لە رۆژهەڵاتی کوردستان جێدێڵێت و خۆی و کچ و کوڕە جمکەکەی خەجیج و محەمەد لەگەڵ دوو کچی سمکۆی شکاک سافیە و سورمێ لە هەولێر دەگیرسێنەوە.

دایکی کچی کافرۆش بە بنەچە رووسی بووە، باوكی‌ كچی‌ كافرۆش لە دوای ژیانی هاوسەرێتیان ناوەکەی کردبووە مەنیج و ژنێكی‌ باڵابەرزی پرچ زەردی چاوشینی سوروسپی و جوان بووە. بەڵام ئەوی بەو نیازە لە گەنگەچین جێهێشتبوو کە لە هەولێر جێگیربێت و پاشان بگەڕێتەوە و ئەویش بهێنێتەوە لای خۆی، بەڵام دوای دوو مانگ لە هاتنیان بۆ هەولێر لە ساڵی 1934 بە نیازی هێنانی ئەویش بۆ هەولێر سەر لە گوندەکەی دەداتەوە، بەڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ نائومێد ببوو گەڕابۆوە رووسیا.

باوكی‌ كچی‌ كافرۆش کە رۆشته‌ هەولێر هیچ کارێکی نەدەزانی و کەسیشی نەدەناسی، بۆیە دووکانێکی لە نزیک سینەما حەمرا بە کرێ گرتوو کای دەفرۆشت، لەپاڵ کافرۆشییەکەی قەسپی حەشرەیشی دانابوو، بۆیە ئەو خۆشناوانەی لە گوندەکانی سەرەوە ترێ و میوەیان دەهێنایە ناوشاری هەولێر هەموویان کایان بۆ وڵاغەکانیان لە جومعە کافرۆش دەکڕی. هەرئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خەجیجی کچی بە ناوی‌ كچی‌ كافرۆش بناسرێتەوە.

جومعه‌ی‌ باوكی‌ كچی‌ كافرۆش خانووێکی لە حەساری ماڵی شێخ عەبدولکەریم لە نزیک گۆڕستانی شێخ ئۆمەر بەکرێ گرتبوو. هیچ خزم و کەسێکیان نەبوو لە هەولێر. وەکو زۆربەی رۆژەکانی دیکە كچ كافرۆش لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بەر لەوەی بگاتە تەکیەی شێخ عەبدولکەریم سەیارەیەکی پڕ لە چەکداری ئینگلیز پێشی لێدەگرن و بە پاڵ دەیهاوێنە ناو ئۆتۆمبێلەکە و دەیڕفێنن، یەکێ لەو کەسانەش کە رووداوەکە بە چاوی خۆی دەبینێ جومعه‌ واته‌ باوكی‌ كچی‌ كافرۆش دەناسێ و یەکڕاست ده‌ڕواته‌ دووکان و پێی‌ ده‌ڵێ‌ ئینگلیز کچەکەیان رفاندی.

پاش گەڕان و سوڕانێکی زۆر، تورکمانەکانی سەر قەڵات کە دەبینن جومعە کافرۆشی باپیرم بێکەسە لە هەولێر ئامۆژگاری دەکەن بچێتە بنکەی پۆلیسی جولەکەکان لە گەڕەکی تەعجیل و داوایەک لەسەر رفێنەرانی کچەکەی تۆماربکات، دوای سێ مانگ لە هات و چوون بنکە پۆلیسییەکەی تەعجیل باپیرم ئاگادار دەکەنەوە کە خەجیج واته‌ كچ كافرۆش لە هه‌ولێر نەماوە و بردوویانە بۆ بەریتانیا.

کچی کافرۆش لە تەمەنی دوانزە ساڵی دەڕفێنرێت و لە ساڵی 1936 دوای دووساڵ لە ڕفاندنی وێنەکەی بە ناوی کچی کافرۆش بە هەموو کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

ئەو زۆری کەیف بە جلوبەرگی ژنانەی شکاکی هاتووە، بەردەوام فیستان و کراسی لەبەر کردووە و زۆربەی کراسەکانیشی سووربووە، چونکە زۆری حەز بە رەنگی سوور کردووە، قایشی زێڕیشی لەسەر کراس بەستاوە و باوكی‌ لەبەر خۆشەویستی زۆری بۆی کڕیوە.

بەرپرسەکەی ئینگلیز بەر لەڕفاندنی کچی کافرۆش چەند جارێک خوازبێنی لە باپیری کردووە و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە کە هەرچەندەی ئەوان داوابکەن لە لیرەی رەشادی و ماڵی دنیا، ئەو بۆیان جێبەجێبکات، بەڵام هەموو جارێک جومعە کافرۆشی باوکی دەڵێ ئێمە پەناهەندەین لێرە و شەڕەفی خۆمان بۆ ماڵی دنیا نافرۆشین.

کە کچەکەشی دەڕفێنن باوکی لە داخی ئەوەی بەرپرسێکی گەورەی سمکۆی‌ شکاک بووە و لە هەولێر پیشەی بوو بە کافرۆشی، هەروا لە غەریبی کچەکەشی شوێنبزر دەبێت و دەڕفێنرێت، هەردوو چاوەکانی کوێر دەبێت.

لە دوای پێنج ساڵ بەسەر رفاندنی كچی‌ كافرۆش، جومعەی‌ باوکی کۆچی دوایی دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆشی لەسەر مەیدان لە شەقڵاوە دەنێژرێت.

له‌ ئاكامی‌ ژیانی‌ كچی‌ كافرۆش كه‌ كچێكی‌ جوانی‌ سه‌رده‌می‌ خۆی‌ بووه‌ له‌دوای‌ رفێنرانی‌ هیچ به‌ڵگه‌‌و زانیارییه‌ك له‌به‌رده‌ست دا نیه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌