پێنجشەممه - 30ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

17

ئیسپانیا

پێته‌خت: مەدرید

حه‌شیمه‌ت له‌ ساڵی‌ 2020:  48 میلیۆن‌ كه‌س

زمان: ئیسپانی

شانشینی ئیسپانیا کە دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئورووپاوە، نزیکەی 85٪ی نیمچە دوورگەی ئیبریای داگیر کردووە. تەنگەبەری جیبلارتار لە کیشوەری ئەفریقا جیا دەکاتەوە،‌و زنجیرە چیای پێرینیە بە کیشوەری ئورووپاوە دەیبەستێتەوە.

ئیسپانیا ڕۆژاواوە ھاوسنوورە لەگەڵ پورتوگال، ھەروەھا لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە ھاوسنوورە لەگەڵ فەڕەنسا‌و ئەندۆرا؛ ھەموو سنورەکانی تریشی سنوری ئاوین. لە ڕۆژھەڵات‌و باشووریدا دەکەوێتە کەناری دەریای سپیی ناوەڕاست‌و دەریای بالیار، لە باکوورەوە دەکەوێتە کەناری زەریای ئەتڵەسی،‌و کەنداوی بەسکای یان گاسکۆنیا؛ ھەریەک لە دوورگەکانی بالیار لە دەریای ناوەڕاست‌و دوورگەکانی کەناری لە زەریای ئەتڵەسی سەر بە ئیسپانیان،‌و ھەروەھا کێشەی لەگەڵ مەغریبدا ھەیە لەسەر زەویەکانی سەبتە‌و مەلیلە.

ئاو‌و ھەوای دەریای ناوەڕاست لە زۆربەی ناوچەکانی ئیسپانیا بەدی دەکرێت کە زستانەکەی مامناوەندە‌و ھاوینەکەی گەرمە. لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵ بەفر شاخەکانی پێرینیە‌و سییرا نیفادا داپۆشیوە.

تەمەنی مامناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە 31٫8 ساڵە. ھەروەھا 78 لە سەدی دانیشتووانی وڵات لە شارەکان دەژین.

ئیسپانییەکان زۆرینەی دانیشتووانی ئەم وڵاتەن،‌و چەند کەمینەیەکیش ھەن لەو وڵاتە وەک باسکەکان‌و گالیزیییەکان.

زمانی ئیسپانی زمانی فەرمییە لە گشت وڵاتدا؛ لە کاتێکدا زمانەکانی کاتالانی، گالیزی‌و باسک فەرمین لە ھەندێک ناوچەدا،‌و زمانەکانی ئاراگۆنی‌و ئارانی کەمتر بڵاون،‌و تەنھا ژمارەیەکی دیاریکراو لە ئیسپانیەکان بەکاریان دەھێنن.

نزیکەی 71٪ دانیشتووانی ئیسپانیا مەسیحی کاتۆلیکین، پرۆتێستانت، ئیسلام‌و جوولەکەش ئایینی کەمینەن لە ئیسپانیا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌