یەکشەممە - 16ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

ڤاتیکان

حه‌شیمه‌ت له‌ ساڵی‌ 2020: 1000‌ كه‌س

ڤاتیکان بچوکترین دەوڵەتی خاوەن سەروەرییە لە جیھاندا‌و بارەگای سەرەکی کڵێسای کاتۆلیک‌و دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای ڕۆمای پێته‌ختی ئیتالیاوە.

ڤاتیکان تا ساڵی 1929 بەشێک بووە لە دەوڵەتی ئیتالیا.

دەوڵەتی ڤاتیکان لە لایەن پاپای ڤاتیکانەوە بەڕێوە دەبرێت کە لە ھەمان کاتدا رابەری رۆحی نزیکەی ملیارێک کاتۆلیکە لە جیھاندا.

تەنھا دەوڵەتە لە جیھاندا کە منداڵی تێدا نییە، سەرجەم دانیشتوانی ڤاتیکان کارمەندی دەوڵەتن، بەتایبەت پیاوانی ئاینی، بەڵام چەند ھەزار کارمەندێکی دیکەی ھەیە کە لە دەرەوەی سنوری ڤاتیکان نیشتەجێن.

زمانی رەسمیی ڤاتیکان لاتینیە، کە لە ڕابردوویەکی کۆندا زمانی رەسمی دەوڵەتی ئیتالیا بووە، بەڵام ئێستا بووەتە زمانی رەسمی ئاینی مەسیحی کاتۆلیک. ڤاتیکان خاوەنی ڕادیۆ‌و تەلەفیزیۆن‌و رۆژنامەو گۆڤاری تایبەت بە خۆیەتی کە بەزمانی لاتینی‌و زمانە زیندوەکانی دیکە بڵاویاندەکاتەوە.

خاوەنی سیستمێکی سیاسیی تا رادەیەک ئاڵۆزە. پاپا سەرۆکی دەوڵەتە‌و لە لایەن ئەنجومەنی کاردیناڵەکانەوە ھەڵدەبژێردرێت. پاپا تا لە ژیاندا بێت پاپایە‌و خاوەنی دەسەڵاتێکی رەھای جێبەجێکردن‌و یاسا دانان‌و دادوەرییە. ھەر خۆشی 5 ساڵ جارێک دەستەی بەڕێوەبردن دەسنیشان دەکات بۆ ئەنجامدانی کاروبارەکانی دەوڵەت، وەزیری دەوڵەتیش بریتییە لە کاردیناڵێک کە لە لایەن پاپاوە دەستنیشان دەکرێت‌و بەرپرسە لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی ڤاتیکان‌و کورسی پاپەوی.

ڤاتیکان لە زۆربەی دەوڵەتانی جیھاندا باڵیۆزی ھەیە، بەتایبەت لە دەوڵەتە کاتۆلیکیەکاندا، ھەروەھا ئەو دەوڵەتانەش باڵیۆزیان لە ڤاتیکاندا ھەیە‌و بە زۆریش دەبنە باڵیۆزی وڵاتەکەشیان لە ئیتالیا چونکە روبەری دەوڵەتی ڤاتیکان کەمە‌و ناچارن لە رۆمای پێته‌ختی ئیتالیا نیشتەجێببن. ڤاتیکان سیفەتی چاودێری ھەیە بەسەر رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە‌و ھەروەھا ئەندامی زۆرێک لە رێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانە‌و زیاتر جەخت لە سەر مەسەلە ئاینییەکان‌و ئاشتی‌و ھاریکاریی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.

دەوڵەتی ڤاتیکان خاوەنی بچووکترین‌و دێرینترین سوپای نیزامییە لە جیھاندا کە بە پاسەوانانی سویسرا ناسراوە‌و لە 22 کانونی یەکەمی ساڵی 1506 زایندا لە لایەن پاپا یۆلیۆسی دووەمەوە دامەزرێنراوە‌و سەرەتا بریتیبوون لە کۆمەڵێک سەربازی بەکرێگیراو کە لە دەوڵەتی کۆنفیدرالی سویسراوە ھاتبوون. ژمارەی پاسەوانەکان نزیکە 100 کەسێک دەبن کە ئەرکیان پارێزگاریکردنە لە خودی پاپا‌و دەبێت ھەمویان نێرینە‌و کاتۆلیکی‌و سویسری بن.

ڤاتیکان ھێزی دەریایی‌و ئاسمانی نییەو دەوڵەتی ئیتالیا لەبواری بەرگری دەرەکیدا ھاوکاری دەکات.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌